گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا گەشتی عومرەیان بۆ زیاتر لە 500 مامۆستای ئایینی بە خۆڕایی ڕێکخستووە و پلانیان هەیە تا مانگی ڕەمەزان ئەو ژمارەیە بگەیەننە 1000 مامۆستا. هاوکات ئاشکرای کرد، لە چوار ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 200 مامۆستای ئایینی و موفتیش، گەشتی حەجیان بە خۆڕایی ئەنجامداوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە مەبەستی گرنگیپێدانی زیاتر بە مامۆستایانی ئایینی، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، گەشتی عومرەیان بۆ زیاتر لە 500 مامۆستای ئایینی بە خۆڕایی ڕێکخستووە.
گوتیشی: "ئەگەر پرۆسەی عومرە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چاوەڕوان دەکەین تا مانگی ڕەمەزانی پیرۆز نزیکەی 1000 مامۆستای ئایینی لە گەشتی خۆڕایی سوودمەند ببن".
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوار ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 200 مامۆستای ئایینی و موفتی، پرۆسەی حەجیان بە خۆڕایی ئەنجامداوە و بە هاوکاریی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، گرنگیی زیاتر بە مامۆستایانی ئایینی دەدرێت، چ ئەوانەی دامەزراون یان گرێبەست و خۆبەخشن.
لە کۆتاییدا گوتەبێژی حەج و عومرە ڕوونیکردەوە، ئەو مامۆستا ئایینییانە بە مەبەستی ڕێنماییکردنی حاجیان و عومرەکاران گەشتەکان ئەنجام دەدەن و لە داهاتووشدا خزمەتگوزاریی نوێ پێشکەش دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.