Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 23:52

دەقی گوتەكانی سەرۆكی حكوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پاڕكی زانست لە هەولێر

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پارکی زانست (Science Park)ی سەر بە ئینستیتیووتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان (KII) لە هەولێر دانا.

لە گوتارێكدا كە لە رێوڕەسمەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكوومەت هیوای خواست پاركەكە ببێتە ناوەندێكی گرنگی زانستی و ئەكادیمی بۆ كۆكردنەوەی داهێنەران و بەهرەمەندان و پسپۆڕان.

ئەوەشی خستەڕوو كە، ئێمە دەمانەوێ كوردستان ببێتە ئەو شوێنەی كە گەنجەكانمان هەر لێرە بتوانن بیرۆكەكانی خۆیان بكەن بە پرۆژە، ئەمەش ئەو بەڵێنەیە كە پێشتریش بە گەنجەكانمان داوە و ئێستا دەبێتە حەقیقەت.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموولایەكتان دەكەم و خۆشحاڵم كە لەگەڵتانم ئەمڕۆش بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی تری گرنگ كە بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆشەویست لە هەرێمی كوردستاندا.

سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک (ئەنیستیتیووتی داهێنان و نوێگەریی كوردستان- KII)مان وەک دامەزراوەیەکی تایبەت بۆ نوێگەریی و داهێنان لە کوردستان ڕاگەیاند، بەڵێنمان دا کە پارکێکی تایبەت بە زانست دروست بکەین کە بەشێک بێت لەم ئەنیستیتیووتە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ داهێنەران بکەین و تاقیگە و کارگەی جۆراوجۆریان بخەینە بەردەست تا بتوانن بیرۆکە و توێژینەوەکانیان بە شێوەیەکی کرداری لە بوارە جیاوازەکاندا تاقی بکەنەوە و بە ئەنجامیان بگەیەنن.

ئەمڕۆ خۆشبەختانە بەردی بناخەی ئەو پارکە دادەنێین و ئومێدمان زۆرە ببێتە ناوەند و مەڵبەندێکی گرنگيی زانستی و ئەکادیمی بۆ کۆکردنەوەی داهێنەران و بەهرەمەندان و پسپۆڕان نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو ناوچەکەدا.

هیوادارم ئەم شوێنە، ڕۆڵێکی گرنگ و کارا لە پێشخستنی ژێرخانی زانستیی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت و یارمەتیمان بدات بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەکەمان لە هەموو بوارەکاندا و هەروەها ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی جۆراوجۆری کارکردن بۆ گەنجەکانمان لە هەموو کەرتەکاندا.

ئێمە گەنجی بەهرەمەندمان زۆرن چ لە کوردستان بن یان لە دەرەوە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو و شوێنی تایبەتمەند بە پەرەپێدانی توانا و بەهرەکانیان، نەتوانراوە وەکو پێویست سوود لە بیرۆکە و داهێنانەکانیان وەربگیرێت، بۆیە داوا لە کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەم کە لە ڕێگەی ئەم پارکەوە، پەرە بە بیرۆکە و توێژینەوەكانیان بدەن و بیکەن بە ناوەندێکی گرنگیی داهێنان.

وتەیەکی باو هەیە دەڵێ (پێداویستی دایکی داهێنانە Necessity is the Mother of Invention) کە بووەتە بنەما بۆ زۆر داهێنانی گەورە کە گۆڕانکاریی مەزنیان لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا دروست کردووە. تەنانەت لە ساڵانی ڕابردووش لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا زۆر داهێنان کراون بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان. بۆیە تا مرۆڤایەتی هەبێت داهێنان بەردەوام دەبێت بە تایبەتی کە ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد دەژین و شەپۆلێکی خێرا و گەورەی گۆڕانکاریی و پێشکەوتنەکان لە هەموو بوارەکاندا ژیانی ئێمەیان داگیر کردووە، بەڵام بێگومان هەموو بیرۆکەیەکی داهێنان پێویستی بە ژینگەیەکی لەبار و پشتیوانیی هەیە بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات و زیاتر گەشە بکات و بکەوێتە خزمەتی خەڵک. لەمڕووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ داهێنان و کاری نوێگەری و پەرەپێدانی کاروباری زانستی و پشتگیریکردنی زانایان و داهێنەرانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

من سوپاسی كۆمپانیای (بین گارد)ی سویدی دەكەم كە ئەوان هەر لە سەرەتاوە كە داوامان لێكردن بێن یارمەتیمان بدەن بۆ دیزایینكردنی باڵاخانە و دروستكردنی ئەم پاركە، هاتن و زۆر خۆیان ماندوو كرد تاكو گەیشتین بە ئەنجامی ئەم دیزایینەی كە دەیبینن و بە شێوەیەكی زۆر جوان و سەردەمییانە ئامادە كراوە، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم.

لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بدەم كە ئەم پرۆژەیە راستە حكوومەت پشتیوان دەبێ و زەوی بۆ تەرخان كردووە، بەڵام لە لایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێ و ئەنجامەكانی لە ئەنجامدا بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.

بیرۆكەی دروستكردنی پاركی زانست بۆ ئەوە بووە كە ئێمە شوێنێك ئامادە بكەین بۆ ئەو هەموو بەهرە و توانایەی كە لە گەنجەكانی ئێمەدا هەبووە، بەڵام زۆرجار جێگە و ئیمكانیاتی پێویست نەبووە كە بیرۆكەی خۆیان بكەن بە راستی و بیكەن بە پرۆژە، هەندێكجار خەڵكی سەركەوتوومان هەبووە، بەڵام روویان لە هەندەران كردووە تاكو ئەو پێداویستییانەی كە بەدوایاندا دەگەڕان، ئەو ئیمكانیاتانەی بەدوایاندا دەگەڕان، بتوانن لە دەرەوە بۆ خۆیان دابین بكەن و بیرۆكەكانیان بكەن بە ڕاستی.

ئێمە دەمانەوێ كوردستان ببێتە ئەو شوێنەی كە گەنجەكانمان هەر لێرە بتوانن بیرۆكەكانی خۆیان بكەن بە پرۆژە، ئەمە ئەو بەڵێنەیە كە پێشتریش بە گەنجەكانمان داوە و ئێستا دەبێتە حەقیقەت.

وەبەرهێنانی زۆرمان كردووە لە كەرتی كشتوكاڵ، لە ڕێگەوبان، لە گەشتوگوزار، لە هەموو روویەكەوە، ئەمجارە وەبەرهێنان لە هزر و بیری گەنجەكان دەكرێت كە گەورەترین سەرمایەی وڵاتەكەمانە و ئومێدێكی یەكجار زۆرم هەیە كە ئەم پرۆژەیە دەبێتە پرۆژەیەكی زۆر گەورە بۆ خزمەتكردن و پێشخستنی كوردستان و گەنجەكانیشمان زیاتر دەتوانن سوودمەند بن لەو خزمەتگوزارییانەی كە دەخرێتە بەردەستیان.

جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەموولایەكتان دەكەم، سوپاسی ئەو ئەندازیارە بەڕێزانە دەكەم كە ئەم پرۆژەیەیان ئامادە كردووە و تەمەننای سەركەوتن بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم، هیوادارم كوردستان رۆژ بە رۆژ لە گەشەكردن و سەركەوتندا بێت.

زۆر سوپاس.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.