سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی فیدراڵی عێراق کۆبوونەوە و پرسی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان تاتوێ کرد.
ڕۆژی چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حەمید ئەلشەتڕی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی فیدراڵ جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕایان لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد و هیواخوازبوون ببێتە هۆی باشکردنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە عێراق و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.