دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیەنراوێك لەبارەی دۆخی تەندروستی تۆمەتبار هونەر رەشید لە گرتووخانەی ئاسایشی هەولێر بڵاو دەكاتەوە و تێیدا جەخت دەكاتەوە كە ناوبراو تەندروستی باشە و لە بارودۆخ و شوێنی حەوانەوەی ڕازییە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کەسوکاری تۆمەتبار هونەر ڕەشید لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەوەیان ڕاگەیاندبوو کە هاوڵاتی ناوبراو باری تەندروستی باش نییە و تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوە، بۆ ئەو مەبەستە، ڕاوێژکاری دەستە ڕامان مجید سەردانی ناوبراوی کرد لە گرتووخانەی ئاسایشی هەولێر.
هەروەها رایگەیاند: ڕاوێژکارەكەمان لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ تۆمەتبار کردووە و دەربارەی کەیسەکەی و باری تەندروستی و شوێنی حەوانەوەی، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە داوا دەکات بەزوویی کەیسەکەی یەکلا بێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوە.
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەش دەكات: سەبارەت بەو هەواڵە کە خێزانەکەی گوتبووی بەچەقۆ لێی دراوە، ناوبراو گوتی كە حاڵەتەکە ئێستا نییە و لە ماوەکانی ڕابردوو بووە، بریتی بووە لە دروستبوونی کێشە لەگەڵ بەندکراوێکی تر و دواتر ئەوەی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام ڕووداوەکە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە کەسی تر و ئیدارەی گرتووخانە نەبووە.
جەختیش لەوە كراوەتەوە: تۆمەتبارەكە ئاماژەی بەوە داوە کە بارودۆخ و خواردن و شوێنی حەوانەوەی باشە و ڕازییە لە مامەڵەی ستافی ئیداری و چاودێرانی گرتووخانەکە.
دەستەی مافی مرۆڤ لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا دووپاتی كردۆتەوە کە بەدواداچوون بۆ هەموو کەیسێک دەکات بەبێ جیاوازی و چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ دەکات لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.