بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرای دەكات، پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی غەززە پێویستی بە 70 ملیار دۆلار هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش هەریەك لە ئەمریكا و كەنەدا و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی ئامادەییان نیشانداوە بۆ هاوكاریكردن.
جاكۆ سیلێرز بەرپرسی پەرەپێدان لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شەڕی ئیسرائیل بەرامبەر حەماس بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی 55 ملیۆن تۆن پاشماوەی بەجێهێشتووە، لابردنی ئەم پاشماوانەش پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە.
راشیگەیاند: خۆشبەختانە هەواڵی خۆشمان لەلایەن ئەمریكا و كەنەدا و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی پێگەیشتووە كە ئامادەییان نیشانداوە بۆ هاوكاریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی غەززەدا.
دوای كۆتاییهێنان بە جەنگ، ئێستا رێژەیەكی زۆری خەڵكی غەززە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی كاولبووەكانیان.
لە ماوەی دوو ساڵی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حماس لە كەرتی غەززە، بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە نزیكەی 68 هەزار فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 83%ی باڵەخانەكان لە كەرتی غەزە خاپوور بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.