ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە، هۆشدارییەکی جددی دایە جیهان سەبارەت بە زیادبوونی مەترسیداری حاڵەتەکانی بەرگری دژە زیندەییەکان (antibiotics).
بە پێی ڕاپۆرتەکە، کە پشتی بە داتای زیاتر لە ١٠٠ وڵات بەستووە لە نێوان ساڵانی 2006 و 2023، دەرکەوتووە کە نزیکەی یەک لەسەر شەشی هەموو هەوکردنە بەکتریاییە پشتڕاستکراوەکان، بەرگرییان بەرامبەر بە چارەسەری دژە زیندەییەکان هەیە. ئەمەش وادەکات چارەسەرکردنیان زۆر قورستر بێت.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە لە نزیکەی 40%ی ئەو نموونانەی شیکارییان بۆ کراوە، ڕێژەی بەرگری دژە زیندەییەکان بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی تەندروستی جیهان.
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێسوس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بەرگری دژە مایکرۆبییەکان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر زیاد دەکات، کە پێشکەوتنەکانی پزیشکی مۆدێرن تێدەپەڕێنێت و هەڕەشە لە تەندروستی خێزانەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەکات".
داواشی کرد کە دژە زیندەییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەکاربهێنرێن و دڵنیا بکرێتەوە لە بەردەستبوونی پشکنینی دروست پێش وەرگرتنی حەب و دەرزی.
بەرگری دژە زیندەییەکان ساڵانە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی مردنی زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە سەرانسەری جیهاندا. لە کاتێکدا گۆڕانکارییە بۆماوەییەکان لە پەتادا بەشێکن لە پڕۆسەیەکی سروشتی، واتە ئەم بابەتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و قەبارەی مەترسییەکەیان جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دەدرێت لە زۆر بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان.
باشووری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بەرزترین ئاستی بەرگری دژە زیندەیی تێدایە، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی تووشبوونە تۆمارکراوەکان بەرگرییان هەیە، هەرکەس بەرگری بەرامبەر پەیدا بکات، چیدیکە ئەو دەرمانە کاریگەری لەسەر دروستناکات و ناتوانێ هەوکردنەکەی چاک بکات.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت لەسەر گرنگی بەکارهێنانی ژیرانەی دژە زیندەییەکان دەکاتەوە و داوا لە وڵاتان دەکات سیاسەت و ستراتیژییە نوێیەکان پەیڕەو بکەن بۆ ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی زیاتری ئەم قەیرانە تەندروستییە جیهانییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.