ئیدارەی گرتووخانەیەك لە گواتیمالا دانی بەوە دانا، ژمارەیەك گیراوی مەترسیداریان كە سەر بە گرووپێكی مافیای ماددەی هۆشبەرن، لە گرتووخانە رایان كردووە و تا ئێستا دەستگیر نەكراونەتەوە.
لودین گودینیز بەڕێوەبەری گرتووخانەی (فرایخانیس 2) لە گواتیمالا ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: 20 ئەندامی گرووپی مافیایی (باریۆ 18) كە خەڵكی وڵاتی سیلڤادۆرن و یەكێكن لە مەترسیدارترین مافیاكانی ماددەی هۆشبەر، توانیویانە بەربەستی گرتووخانە تێپەڕێنن و ڕابكەن.
گوتیشی: رۆژی هەینی ڕابردوو زانیاری هەوڵگریمان پێگەیشتبوو كە ئەم كۆمەڵە تاوانبارە بەنیازن رابكەن و بۆ ئەم مەبەستە ئامادەكاریمان كردبوو، بەڵام پێدەچێت تاوانبارەكان بە هاوكاری بەشێك لە ئیدارەی گرتووخانەكە رایان كردبێت.
لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە گواتیمالا لەبارەی رووداوی هەڵهاتنی تاوانبارەكان، رایگەیاند: ئەمریكا ئەندامانی مافیای (باریۆ 18)ی وەك گرووپێكی تیرۆریستی مەترسیدار دیاری كردووە، بۆیە هەموو هاوكارییەك پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی دووبارە دەستگیر بكرێنەوە.
داواشی لە حكوومەتی گواتیمالا كرد هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە و هەرچی زووە ئەو تاوانبارانە دەستگیربكەنەوە.
بەگوێرەی ئامارەكان، لە گواتیمالا نزیكەی 12 هەزار ئەندامی گرووپە مافیا و توانكارییەكانی تێدایە كە ئێستا نزیكەی 3 هەزاریان لە گرتووخانەكانن.
گرووپی مافیایی باریۆ 18 لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بەرپرسیارن لە كوژرانی 200 هەزار كەس و دەستیان بەسەر رێژەی 80%ی خاكی سیلڤادۆردا گرتووە كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین تاوانی كوشتنی تێدا ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.