Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:01

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەکات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) کرد.

لە دیدارەکە دا جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیتنەوەی سەرۆک بارزانی نیشان دا، ئاماژەی بەوە دا کە دواهەمین جار سەرۆک بارزانی بینیوە لە بەرەکانی جەنگ لە سحێلا بووە لە ساڵی 2016. هەروەها ستایشی ڕۆلی بەرچاوی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد کە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و لەپێناو بەدیهێنانی ئارامی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و رێکخراوە تیرۆرستییانە بوونەوە کە دوای ساڵی 2003 لە عێراق سەریانهەڵدا و بوونە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و جیهان.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆسی کرد و هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد کە ڕۆلێکی بەرچاویان بینیوە لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆرییەت و دوای ئەوەش پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق کردەوە کە ڕێگەی چارەی یەکجارییە بۆ رزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییانەی کە تێیدایە و هیوای خواست هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەدوای چارەسەری گرفتەکانەوەبن و واز لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و کینە بەرامبەر بە یەکتری بێنن.

هەروەها سەرۆک بارزانی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی بە نموونە هێنایەوە کە ئەگەر ئەو کات پەسەند و جێبەجێ کرابا، لە ئێستادا هیچ گرفتێکی یاسایی لەبارەی نەوت و گاز نەدەبوو و جەختیشی لە دوایین رێککەونتی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کردەوە لەبارەی نەوت گاز و بە ئەرێنی وەسفی کرد و هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە بناخەیەک بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سووریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا خرانە بەرباس و گفتوگۆ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.