Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 20:52

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2025.. ئایا ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ خەڵاتەكە دەباتەوە؟

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی ناوی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2025 ئاشكرا دەكرێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا یەكێكە لە بەربژێرەكان بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە.

براوەی خەڵاتەكە ئەمڕۆ هەینی لە مەڕاسیمێكدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ئاشكرا دەكرێت كە بۆ ئەمساڵ بەشێوەیەكی گشتی 338 كەسایەتی و لایەن بۆ بردنەوە بەربژێر كراون.

سەرەڕای زۆری بەربژێرەكان، بەڵام چەند كەس و لایەنێك هەن كە بەربژێری سەرەكی بردنەوەی خەڵاتەكەن ئەوانیش بریتین لە (ژووری فریاگوزاری سوودان، یوولیا ناڤالنایا هاوسەری ئەلێكس ناڤالنی سەركردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا، رێكخراوی پزیشكی بێ سنوور، دادگای دادی نێودەوڵەتی).

هەرچەندە لەلایەن بەشێكی زۆری وڵاتانەوە پاڵپشتی و لۆبی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەكرێت بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە سەرۆكی ئەمریكا تەنیا 5% چانسی بردنەوەی خەڵاتەكەی هەیە.

دۆناڵد ترەمپ بە هەوڵەكانی بۆ راگرتنی حەوت جەنگ لە جیهاندا، خۆی بە شایستەی بردنەوەی خەڵاتەكە دەزانێت، پێشتریش چەند جارێك رایگەیاندبوو "ئەگەر خەڵاتەكە نەبەمەوە سوكایەتییەكی گەورە دەبێت بۆ ئەمریكا".

هەرچەندە زۆربەی چاودێران پێیانوایە بەلایەنی كەم ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ناباتەوە، بەڵام بڕیارەكە تا دواساتەكان ئەگەری گۆڕانكاری تێدا هەیە كە لەلایەن پێنج ئەندامی سەرەكییەوە دەدرێت.

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بریتییە لە بڕوانامەیەكی دبلۆمی فەرمی لەگەڵ میدالیایەكی زێڕی بازنەیی عەیار 18 كە ساڵانە دەدرێتە بەو كەس و لایەنانەی زۆرترین هەوڵیان بۆ ئاشتی لە جیهان داوە، هەرچەندە خەڵاتەكە وەك رەمزێكە، بەڵام بەهایەكی ئابووری گەورەشی هەیە كە نرخەكەی بە 1.2 ملیۆن دۆلار دەخەملێنرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.