Erbil 31°C چوارشەممە 29 تەمووز 19:44

ئەنجومەنی ئاسایش هەوڵێکی ڕووسیا و چینی بۆ دواخستنی سزاکانی سەر ئێران شکست پێهێنا

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پڕۆژەبڕیارێکی هاوبەشی ڕووسیا و چینی ڕەت کردەوە کە داوای دواخستنی گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێرانی بۆ ماوەی شەش مانگ دەکرد. پڕۆژەبڕیارەکە تەنیا چوار دەنگی بەدەستهێنا و لەلایەن نۆ وڵاتەوە دژایەتی کرا، لەنێویاندا ئەمریکا، بریتانیا و فەرەنسا.

ئەمڕۆ هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پڕۆژەبڕیارێکی هاوبەش کە لەلایەن ڕووسیا و چینەوە پێشکەش کرابوو و داوای دواخستنی گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێرانی بۆ ماوەی شەش مانگ دەکرد.

شکستهێنانی پڕۆژەبڕیارەکە دوای ئەوە هات کە لە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن، تەنیا چوار دەنگی "بەڵێ"ـی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا نۆ دەنگی "نەخێر" و دوو دەنگی بێلایەن.

لە کاتی دەنگدانەکەدا، چین، ڕووسیا، پاکستان و جەزائیر دەنگیان بۆ پڕۆژەبڕیارەکە دا. لە بەرامبەردا، فەرەنسا، بریتانیا، ئەمریکا، سییەرالیۆن، سلۆڤینیا، دانیمارک، پەنەما، سۆماڵ و یۆنان دژی وەستانەوە. هەریەک لە گویانا و کۆریای باشووریش دەنگیان نەدا.

پێشتر، نوێنەری چین لە دانیشتنەکەدا داوای لە وڵاتانی ئەندام کردبوو دەنگ بە درێژکردنەوەی ماوەی دواخستنی سزاکان بدەن و ڕایگەیاندبوو، "ئێران چەندین ئاماژەی ئەرێنی ناردووە و دواخستنی سزاکان، دەرگا لەبەردەم دیپلۆماسییەتدا کراوە دەهێڵێتەوە".

لەلایەن خۆیەوە، جێگری نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "گەڕانەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران لەوانەیە دەرئەنجامی مەترسیداری هەبێت و ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

لە بەرامبەردا، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، گەڕانەوەی سزاکان مانای کۆتایی ڕێگە دیپلۆماسییەکان نییە لەگەڵ ئێران و ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران بەردەوام بووە لەسەر هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.