حكوومهتی فینلاند به بڕیارێكی فهرمی لە سەرەتای خوێندنی ئهمساڵ 2025 لە مانگی ئابەوە، بەکارهێنانی مۆبایلی له تهواوی ناوهندهكانی خوێندن قەدەغە کردووە، ئهم بڕیارهش لای قوتابیان و مامۆستایان و خێزانهكانیش پیشوازی لیكراوه.
ئاژانسی ههواڵی جیهانی "فرانس پرێس" له راپۆرتێكیدا بڵاویكردووهتهوه: لە قوتابخانەی "کۆنگسڤاگنس" له فینلاند کە خزمەت بە قوتابیانی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ دەکات و دەکەوێتە شاری سیبو لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هێلسنکی، مامۆستایان بڕیاریان داوه بەیانیان تەلەفۆنی قوتابیانیان کۆبکهنهوه و تا کۆتایی رۆژی خوێندن بیكوژێننهوه.
ماریا تولبێرگ، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پشتڕاستی كردهوه کە گواستنەوە بۆ قوتابخانەیەکی بێ تەلەفۆن چاوەڕوانییەکانی تێپەڕاندووە و خێزانهكان زۆر داوای دهكهن بۆ قوتابییهكانیان.
ماریا تولبێرگ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: بێگومان قوتابیەکان سەرەتا کەمێک گلەیییان هەبوو، چونکە لە کاتی پشووەکاندا نەیاندەتوانی مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن، بەڵام ئێستا له هۆکاری پشت بڕیارەکە تێگەیشتوون.
ئەو دەشڵێت: "زۆرێک دەیانگوت درکیان بەوە نەکردووە کە چەندە گیرۆدەی مۆبایلەکانیان بوون".
یاسای قەدەغەکردنی مۆبایل لە کاتی خوێندندا لە مانگی ئاب لە سەرانسەری فینلاند کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، وڵاتێک کە لە مێژە بە کوالیتی سیستەمی خوێندن ناسراوە.
پێشتر دەزگای پەروەردەی نیشتمانی فینلاند پێشنیاری کردبوو کە قوتابخانەکان بەکارهێنانی مۆبایل لە هۆڵەکانی خوێندندا سنووردار بکەن.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە وڵاتان نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە کاریگەری بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان لەسەر تەندروستی دەروونی و فێربوونی قوتابیان. کۆریای باشوور، ئیتاڵیا و فەرەنسا سنووردارکردنێکی هاوشێوەی ئەو سنووردارکردنانەیان سەپاندووە کە فینلاند پەسەندی کردووە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.