Erbil 31°C سێشەممە 14 تەمووز 01:56

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتیی ھێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ده‌وحە تاوتوێ کرد

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا کە لە میانیدا ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی 9ی ئەم مانگە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر ده‌وحە تاوتوێ کرد.

 

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12ی ئه‌یلول، ئاژانسی هه‌واڵی "ئه‌نادۆڵ"ی توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتيی لەسەر داوای جەزائیر و بە پاڵپشتی سۆماڵ، پاکستان و بەریتانیا دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی ھێرشەکەی رۆژی 9ی ئەم مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە ئەنجامدا، کە ھەریەک لە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی تیایدا بەشداربوون.

لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، رۆسیماری دیکارلۆ، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسیی، رایگەیاند: ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە جیھانی تووشی شۆک کرد و گرژییەکی جددی و نیگەرانی دروستکرد.

هاوكات، نوێنەری جەزائیر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، عەممار جامع لە میانی دانیشتنەکەدا رایگەیاند: "ھێرشەکە پیشانی هه‌مووانی دا كه‌ کردە تووندوتیژییه‌كانی ئیسرائیل چه‌نده‌ زیادی کردووە."

ھۆشداری ئەوەشی دا کە بێدەنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرامبەر ھێرشەکانی ئیسرائیل گرژی و ئاڵۆزی دروست دەکات و گوتی: "ئایا کەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپەرچی داگیرکار دەداتەوە و تاوانەکانی رادەگرێت؟".

ھەر لەوبارەیەوە، نوێنەری پاکستان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، عاسم ئیفتیخار رایگه‌یاند: دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ئیستیفزازێکی گەورەیە و بووەتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

ھاوکات هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، دۆرۆتی شیا نوێنەری ئەمه‌ریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، رایگەیاند: "بۆردومانەکەی سەر دەوحە کە شانبەشانی ئێمە کار دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی، ئامانجەکانی ئیسرائیل بەدی ناھێنێت و سەرۆکی ئەمه‌ریکا، دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی بە ئەمیری قەتەر داوە کە ئەو ھێرشە دووبارە نابێتەوە".

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.