Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 11:05

سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئسیرائیل خۆیان بۆ هێرشی ئێران و حیزبوڵڵا ئامادە دەکەن

کوردستان TV
100%

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل ڕایانگەیاند سوپای ئیسرائیل بە هاوکاریی مووساد و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ئەم وڵاتە، بە مەبەستی ئامادەبوون لە بەرانبەر هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران و حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل، مانۆڕێکی بەربڵاوی هاوبەشیان بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی سێشەممە 12ی ئابی ڕۆژنامەی معاریو ڕایگەیاند، مانۆڕی "هۆشداریی بەربەیان" بە فەرماندەیی ئەیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەڕێوە چوو و تێێدا ئەگەر هێرشێکی هاوکات لە چەند لاوە بۆ سەر ئیسرائیل، وەک هێرشی مووشەک بۆ سەر دامەزراوە گازییەکانی ئیسرائیل لە دەریای ناوەڕاست، دزەکردنی زەمینی لە سنووری ئوردنەوە، هێرشی چەکداری لە کەناری ڕۆژئاوا، هەڵدانی مووشەک لە یەمەن و لوبنانەوە هەروەها هێرش بۆ سەر ئوتۆمبێلەکان لە ئوتۆبانی ژمارە 6ی ئیسرائیل، لە لەبەرچاو گیراوە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەش کردووە سوپای ئیسرائیل ئاگاداری هەوڵەکانی ئێرانە بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستی و دامەزراندنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە وێرانبووەکان و هاوکاتیش نیگەرانە هێرش بکرێتە سەر هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە یا باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو رۆژنامەیە ئیسرائیل پێی وایە حیزبوڵڵا بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بۆ دروستکردنەوەی هێزی سەربازیی "ڕضوان" دەدات. ئەم هێزە دە ساڵ لەمەوبەر لە لایەن حیزبوڵڵاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دامەزرابوو بەڵام زۆربەی فەرماندەکانی لە هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئیسرائیلدا کوژراون.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە یەکەم کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی خۆی لە پاش جەنگی 12 ڕۆژە، لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئێمە دەبێ زۆر هۆشیار بین و خۆمان بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادە کردووە لەبەر ئەوەی ئێران خۆی بۆ سیناریۆی جیاواز ئامادە دەکات".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.