کۆنفرانسی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە حەسەکە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر پێویستیی داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتی بۆ سووریا کردەوە کە دان بە فرەیی نەتەوەیی، کولتووری و ئایینیدا بنێت و بیپارێزێت، و بناغەی دەوڵەتێکی لامەرکەزی دابڕێژێت کە بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و ئیداریدا مسۆگەر بکات.
رۆژی هەینی 8ـی ئابی 2025، کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە حەسەکە بەڕێوە چوو. لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا هاتووە: " بەشداربووان پێیان وایە کە جاڕنامە دەستوورییەکەی ئێستا، خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتی بەدی ناهێنێت، ئەمەش وا دەکات پێویست بێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت بە شێوەیەک کە بەشداریی فراوانتر و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە لە قۆناغی گواستنەوەدا مسۆگەر بکات".
بەشدارانی کۆنفڕانسەکە جەختیان کردووەتەوە بە باوەڕبوونیان بە یەکێتی و سەروەریی خاکی سووریا پێیان وایە "چارەسەری بەردەوام لە ڕێگەی دەستوورێکی دیموکراتییەوە دێتە دی کە دان بە فرەیی نەتەوەیی، کولتووری و ئایینیدا بنێت و بیپارێزێت، و بناغەی دەوڵەتێکی لامەرکەزی دابڕێژێت کە بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و ئیداریدا مسۆگەر بکات، بە جۆرێک لەگەڵ ئازادیی بیروباوەڕ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و حوکمڕانیی دروستدا بگونجێت".
کۆنفرانس جەختی لەوە کردەوە کە بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی پێویستی بە دەستپێکردنی ڕێڕەوێکی کاریگەری دادپەروەریی گواستنەوە هەیە، کە لەسەر بنەمای دەرخستنی ڕاستییەکان، لێپرسینەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەبێ جیاوازی، و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەیان دامەزرابێت، بە جۆرێک کە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئارام و شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بڕەخسێنێت و هەموو جۆرەکانی گۆڕانکاریی دیموگرافی ڕەتبکاتەوە.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: کۆنفڕانسەکە جەختی لەوە کردەوە کە فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێزە و داوای چەسپاندنی ئەم فرەییەی کرد لە پێکهاتە سیاسی و ئیدارییەکاندا و دڵنیابوونەوە لە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بە شێوەیەک کە یەکێتیی کۆمەڵگە بەهێز بکات".
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە لەبەر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی باس کرا، کۆنفرانس جەختی لە گرنگیی پێداچوونەوە بە دابەشکارییە ئیدارییەکانی ئێستای سووەریا کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ واقیعی دیموگرافی و گەشەپێدانی سووریادا بگونجێت، و تایبەتمەندییە جوگرافی، مێژوویی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان ڕەنگ بداتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.