حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند زیاتر لە 74 هەزار سوودمەند لە لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێوەی دیجیتاڵی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی بۆ مانگی حەوت وەردەگرن.
ڕۆژی پێنجشەممە 7ی ئاب فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند 74400 پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری مەنەوە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان وەردەگرن، کە 34900 کەسیان لە پارێزگای هەولێر، 15700 کەسیان لە پارێزگای سلێمانی و 23800 کەسیشیان لە پارێزگای دهۆکن.
ئاماژەی بەوەش کردووە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە، بەراورد بە مانگی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و دەستکەوتێکی دیکەیە لە بەهێزکردنی ڕێکەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ دابەشکردنی پارەی هاندانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاندووە: تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 850,000 سوودمەند لە کەرتی گشتی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەژماری بانکی لەژێر پڕۆژەی هەژماری من. لە مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 400,000 فەرمانبەری مەدەنی بەشێوەی دیجیتاڵی لە بانکە ڕێگەپێدراوەکانی بانکی ناوەندیی عێڕاق مووچەکانیان وەرگرت.
لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری مندا، تاوەکوو ئێستا، نزیکەی 400 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون و هاوڵاتیان دەتوانن بەکاریانبهێنن لە هەر کاتێکدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.