دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە دوو گەنجی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەهۆی مەلەكردن لە ئاودا خنكان و لەلایەن تیمەكانەوە تەرمەكانیان دەرهێنرا.
رووداوی یەكەم لە زێی گەورەی خەبات رووی دا و گەنجێك بە ناوی (هاوكار تەحسین سادق) تەمەنی 35 ساڵە و دانیشتووی شارۆچكەی خەبات، لەنێو ئاودا خنكا.
تەرمی گەنجەكە لەلایەن تیمەكانی ژێرئاوی خەبات دوای كاتژمێرێك لە خنكانی دەرهێنرا و رەوانەی پزیشكی دادی شاری هەولێر كرا.
رووداوی دووەم لە شارۆچكەی مێرگەسۆر لە سنووری ئیدارەی سۆران رووی دا و گەنجێك بەناوی (رێكار عەبدوڵا ئیبراهیم) تەمەن 29 ساڵ لەنێو رووبار خنكا.
گەنجەكە خەڵكی شاری هەولێرە و خێزاندارە و باوكی سێ مندڵە و بە مەبەستی گەشت و سەیران رووی لە شارۆچكەی مێرگەسۆر كردبوو.
بەهەمانشێوە تەرمی ئەم گەنجەش لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانی مێرگەسۆر دەرهێنرا و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی بلێ كرا.
ئەمە لەكاتێكدایە كە تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە شار و شارۆچكەكان بەردەوام داوا لە هاووڵاتییان دەكەن لە كاتی ئەنجامدانی گەشت و سەیران دووربكەونەوە لەنزیك ئاوی رووبار و گۆمەكان، هەروەها لەسەر زێ و رووبارەكانیش هێمای دووركەوتنەوە و مەترسی ئەنجامدانی مەلە دانراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.