دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، دەستگیرکردنی یەکێک لە دیارترین داواکراوانی ڕژێمی پێشووی بەعسی ڕاگەیاند، کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژی سەدان هاووڵاتی، بەتایبەتیش هاووڵاتییانی کورد لە زیندانی نوگرە سەلمان.
ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئاب، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "وەک درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بۆ ڕاوەدوونانی تاوانبارانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس، و دوای هەوڵێکی هەواڵگریی ورد کە زیاتر لە 6 مانگی خایاند، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای موسەننا، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی باشووری سەڵاحەدین، توانیان یەکێک لە دیارترین داواکراوانی ڕژێمی پێشوو دەستگیر بکەن".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تۆمەتبارە هەڵاتووەکە ناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان)ـە و ناسناوی "حەجاجی نوگرە سەلمان"ـە، کە پۆستی ئەفسەری ئاسایشی زیندانی نوگرە سەلمانی هەبووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە تۆمەتبارەکە پێشتر چەندین پۆستی ئەمنی وەرگرتووە، لەوانە: (ئەفسەری قاتیعی ڕومەیسە، ئەفسەری قاتیعی نەجمی، ئەفسەری قاتیعی هیلال، ئەفسەری قاتیعی پارێزگای موسەننا، ئەفسەری قاتیعی بوسیە، و لە کۆتاییدا ئەفسەری قاتیعی نوگرە سەلمان). هەروەها بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکانی لەسێدارەدان و ناشتنی قوربانییەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا کردووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە تۆمەتبارەکە لە سەردەمی دیکتاتۆریدا، زنجیرەیەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی دژی سەدان هاووڵاتیی عێراقی ئەنجام داوە، بەتایبەتی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە بە زۆرەملێ بۆ پارێزگای موسەننا دوورخرابوونەوە. تاوانەکانی بریتی بوون لە ئەشکەنجەدان، کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی لەنێو زینداندا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بۆ چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان، کەسوکارەکەی بە درێژایی ماوەی ڕابردوو بانگەشەی مردنیان دەکرد، بەڵام هەوڵی هەواڵگری و شیکردنەوەی زانیارییەکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ دانپێدانانەکانی پێشوو، بووە هۆی ئاشکراکردنی شوێنەکەی و دەستنیشانکردنی حەشارگەکەی لەناو پارێزگای سەڵاحەدین. دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری و وەرگرتنی وتەی قوربانییەکان و سکاڵاکاران، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە ئەنجام درا و ڕەوانەی لایەنە لێکۆڵەرەوە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.