Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 16:51

حکوومەتی ئێران بە هۆی گەرما و کورتهێنانی ئاو و کارەبا لە 12 پارێزگا پشووی ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

حکوومەتی ئێران "بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا و پاراستنی تەندروستیی گشتی"، لە 12 پارێزگای ئەم وڵاتە پشووی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30 تەمووزی 2025، حکوومەتی ئێران لە پارێزگاکانی کرمان، سمنان، هورمزگان، یەزد، قوم، بوشێهر، خووزستان، لوڕستان، مازەندەران، کۆهکیلوویە و بویرئەحمەد، خۆراسانی باشوور و ئەلبورز، پشووی ڕاگەیاند و پشووەکە جگە لە بنکە تەندروستییەکان و ژمارەیەک لقی بانکەکان، سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکوومییەکان دەگرێتەوە.

ژمارەیەک لەم پارێزگایانە وەک لوڕستان و بووشێهر ڕۆژێک پێشتریش پشوویان ڕاگەیاندبوو.

لە سێ شاری قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و گێڵان لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەمڕۆ کراوەتە پشوو.

دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن ئامانجیان لە ڕاگەیاندنی پشوو، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان لە بەرانبەر ئەو شەپۆلی گەرمایەدایە کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

حکوومەتی ئێران ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردووش لە پارێزگای تاران و 10 پارێزگای دیکەی ئەم وڵاتە، هەر بە هۆکاری گەرما و کورتهێنانی ئاو و کارەبا پشووی ڕاگەیاندبوو.

لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە و بە تایبەت دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕۆژانە لە نێوان 4 تا 8 کاتژمێر، هاووڵاتیانی ئێران ئاو و کارەبایان نابێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ ئاو و کارەبای حکوومی لەبەردەست نییە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.