سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند بە هۆکاری ئەمنی، بەکارهێنانی مۆبایل لە ناو هۆڵی پەرلەماندا و هەروەها لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکانی پەرلەمان قەدەغە کراوە.
ڕۆژی یەکشەممە 27ی تەمووزی 2025، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وڵامی ئەندامێکی پەرلەماندا کە داوای کردبوو بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایل هەڵوەشێتەوە، ڕایگەیاند: "بریارەکە بە هۆکاری ئەمنی دراوە و جیا لەمەش ئەندامان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا خەریکی یاسادانانن و نابێ لە مۆبایل کەڵک وەربگرن".
بەیانیی ئەمرۆ لە کۆبوونەوەی فەرمیی پەرلەمانی ئێراندا، حەمید ڕەزا گوودەرزی، ئەندامی پەرلەمان، نارەزایی خۆی سەبارەت بە قەدەغەکرانی بەکارهێنانی مۆبایل دەربڕی و ڕایگەیاند: "نەبوونی مۆبایل کێشەی بۆ ئەندامانی پەرلەمان دروست کردووە ئەمەش لە کاتێکداکە کە هاووڵاتییان چاوەڕێی وڵامدانەوەی ئێمەن". ئەو ئەندام پەرلەمانە داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە.
لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند: "بڕیارەکە لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دراوە و جیا لە هۆکاری ئەمنی، ئەندامانی پەرلەمان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا خەریکی یاسادانانن و نابێ لە مۆبایل کەڵک وەربگرن. هاووڵاتییانیش دەبێ بزانن ئەندامانی پەرلەمان لە کاتی کۆبوونەوەی فەرمیدا ناتوانن بە مۆبایل قسە بکەن و دەبێ خەریکی ئەرکەکانی خۆیان بن".
لە پاش جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل و ئاشکرابوونی دزەکردنی بەربڵاوی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لە ناو ئێراندا، دەسەڵاتدارانی تاران ڕێکاری توندی ئەمنییان گرتووەتە بەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.