كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە وادەی ئەنجامدانی تیرۆپشكی بۆ ژمارەی لیست و قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
حەسەن هادی ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆن رایگەیاند: رۆژی 5ی ئابی داهاتوو تیروپشك بۆ دیاریكردنی ژمارەی لیست و قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
راشیگەیاند: هەر حزب و قەوارەیەكی سیاسی كە لەو رۆژەدا بە تیروپشك ژمارەی لیستەكەی بۆ دیاری دەكرێت، لە سەرجەم پارێزگاكان هەر ئەو ژمارەیە دەبێت.
سەبارەت بە بەربژێرە سەربەخۆكان، ئەندامەكەی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆن گوتی: تیروپشكەكە بەربژێرە سەربەخۆكانیش دەگرێتەوە و ئەوانیش لەم رۆژەدا بە تیروپشك ژماریان بۆ دیاری دەكرێت.
گوتیشی: بەڵام ژمارەی بەربژێرەكان لەلایەن حزب و هاوپەیمانیەتییەكان خۆیانەوە دادەنرێت و دیاریكردنی ژمارەی ئەوان پەیوەندی بە تیروپشكەكەوە نییە.
بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.