دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا کە نێردەی هاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق و کۆنسوڵخانەی و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی لە هەرێمی کوردستانی ناردووە، بڕینی مووچەی فەرمانبەران بە پیشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەزانێ و داوای هاتنەسەرخەت و رۆڵی دیپلۆماسیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەم وڵاتانە دەکات کە لە هەرێم نوێنەرایەتییان هەیە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵیی خۆی سەبارەت بە ئەو ئازارە مرۆیی و کۆمەڵایەتییانەی لە ئەنجامی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دروست بووە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە ئەم کارەی حکوومەتی بەغدا بووەتە هۆی خراپبوونی ژیانی خەڵک و بازاڕ و باری دارایی هاووڵاتییان بە شێوەیەک کە پێنج هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەهۆی سەختی ژیان و قەرزاری و نەبوونییەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەختیشی کردووەتەوە حکوومەتی بەغدا وەک کارتی فشار بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانبەرانی هەرێم سزا دەدات و ئەم کارەش پیشێلکردنی دەستووری عێراق، بریاری دادگای فیدراڵی، پەیامننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەبەر ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ پەیوەندییەکیان بە ناکۆکی و کێشەکانی نێوان دوو حکوومەتەوە نییە.
لە کۆتایی نامەکەدا داوا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەی لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە کراوە بە دەستوەردانی دیپلۆماسیی بەپەلە، ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو بگێڕن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە هەڵپەسێراوەکاندا بگێڕن بە شێوەیەک کە ئاشتی و کەرامەتی هاووڵاتییانی هەرێم بپاریزرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەموو ئەمانە دەبێت بە پێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.