ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەكی زۆر لە هەمەڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای عێراق ڕەوانەی سەنتەری پارێزگای میسان لە باشووری عێراق كران و فەرمانیشیان پێكرا بخرێنە ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێك، ئەمەش بەهۆی رووداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە دێت لە كوشتن و رفاندن و خۆپیشاندانەكان.
بەگوێرەی میدیاكانی پارێزگای میسان، ئەو ژمارە زۆرەی سوپای عێراق رەوانەی شاری عەماڕە لە سەنتەری پارێزگای میسان و ناوچەكانی دەوروبەری كراون.
لەم دواییانە زنجیرەیەك رووداوی كوشتن و رفاندن و ئازاردان لە شاری عەماڕە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە دروست بوو و بووتە هۆی دروستبوونی رای گشتی ناوچەكە.
میدیاكانی میسان ئاماژەیان بەوەداوە كە ناردنی ئەم سوپایە پەیامێكە بۆ دڵنیابوونەوەی هاووڵاتییان تا دڵنیا ببنەوە كە رووداوی هاوشێوە دووبارە نابێتەوە.
دوایین رووداو لە شاری عەماڕە شەوی رابردوو بوو كە تێیدا فەرماندەیەكی سەرایا سەلام باڵی سەربازی رەوتی نیشتمانی شیعە كوژرا.
جگە لەمەش ماوەیەكە لە شارەكە ناوەناوە هاووڵاتییان دەڕژێنە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بەهۆی كەمی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.