Erbil 31°C شەممە 15 ئاب 08:08

شێروان دووبەردانی: کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناڕازیبوونی سوننە دواخرا

کوردستان TV
100%

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەگەر لە ماوەی یەک هەفتەدا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت "هەڵوێستیان" دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەمووز، شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی نارازیبوونی سوننە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دەوڵەت، دواخرا.

شێروان دووبەردانی دەڵێت: شیعە زۆرینەیە و دەنگدان لەسەر هەر پرسێک لە پەرلەمان، هەمیشە لە سوودی ئەوان دەبێت، لایەنی سوننەش رازی نابێت بەوەی پلە و پۆست وەرنەگرن و داوایان کردووە پۆستی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە سوننە بدرێت.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی ئەمە بە تەنیا هۆکار بۆ دواخستنی دانیشتنەکە نازانێت و پێیوایە "زۆر خاڵی دیکە هەن لە خشتەی پەرلەمان ناکۆکییان لەسەرە و نەدەگەیشتنە رێککەوتن، هەربۆیە سەرۆکی پەرلەمان بە باشی زانی کۆبوونەوەی ئەمجارە دوا بخات".

بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بۆ دەرکردنی فەرمانی سالاریی لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی دواخست بۆ 28ـی تەمووز.

شێروان دووبەردانی ئەو دواخستنەی بە نایاسایی وەسف کرد و گوتی "دواخستنی دادگا هیچ یاسایی نییە، تەنیا نەیانویست بڵێن لە تواناماندا نییە بڕیار بدەین، بەپێی دەستوور دەبێت فەرمانی سالاری بەهیچ شێوازێک دوانەخرێت" و دەشڵێت؛ "دواخستنی دادگای فیدراڵی بۆ 28 مانگ پەیامێکی ناراستەوخۆیە کە ناتوانن مووچە بنێرن".

لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی لە بەرامبەر دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی "کۆتا وادەی چاوەڕوانیمان یەک هەفتەی دیکەیە و ئەگەر تا ئەو کاتە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، هەڵوێستمان دەبێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.