Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:11

لە گەرمیان سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری کارا کرا

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان دەستپێکردنی سیستەمی نوێی تاقیکردنەوەی تیۆریی مۆڵەتی شۆفێری راگەیاند، کە سیستمێکی یەکگرتووی کۆمپیوتەرییە و رێگری لە گزیکردن دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، سیستمی نوێی تاقیکردنەوەی تیۆری بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری، کە سیستمێکی یەکگرتووە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پەسەند کراوە، بە فەرمی کارا کرا.

یەکەم تاقیکردنەوەش بەپێی سیستمە نوێیەکە، لە هۆڵی نوێی تاقیکردنەوەکان و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاتوچۆی گەرمیان بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیێندراوی هاتوچۆی گەرمیان، سیستمەکە چەند رێنمایی و مەرجێکی نوێ لەخۆ گرتووە، لەوانە:

1- پرسیار و نمرەی دەرچوون: تاقیکردنەوەکە لە 25 پرسیار پێکدێت و فێرخواز دەبێت وەڵامی 20 پرسیار بە دروستی بداتەوە بۆ ئەوەی دەربچێت.

2- کات: بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک یەک خولەک کات دیاریکراوە.

3- ئەنجام: ئەنجامی دەرچوون یان دەرنەچوون راستەوخۆ دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکە لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکە پیشان دەدرێت.

4- رێگری لە گزیکردن (قۆپیەکردن): پرسیارەکانی سەر هەر کۆمپیوتەرێک جیاوازن لە کۆمپیوتەرەکانی دیکەی هۆڵەکە، بەمەش رێگە لە گزیکردن دەگیرێت.

5- سزا: هەر فێرخوازێک سەرپێچی بکات، وەک جووڵە و قسەی نابەجێ، سەرجەم مامەڵەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ رادەگیرێن.

هاتوچۆی گەرمیان داواش لە فێرخوازان دەکات کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا کارتی نیشتمانیی رەسەن و باجی نووسینگەیان پێبێت و رۆژانەش تەنیا یەک جار مافی تاقیکردنەوەیان دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.