جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، سبەی دووشەممە لە بەغدا كۆبوونەوەكان بۆ چارەسەكردنی كێشەی مووچە بەردەوامیان دەبێت، جەختیش دەكاتەوە كە گفتوگۆكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕال قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "ئامانجی سەرەکی سەردانەكەی ئەمڕۆ یەكشەممەی مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو".
راشیگەیاند "تەوەری سەرەكی تەواوی کۆبوونەوەکانی مەحموود مەشهەدانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسکردن بوو لە چارەسەرکردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە زووترین کاتدا".
شاخەوان عەبدوڵا جەختیشی كردەوە "سوپاس بۆ خودا گفتوگۆکان قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە، سبەی دووشەممە لە بەغدا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێکەوتن".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق ئاماژەشی دا "بە سوپاسەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، خودی مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەت زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی هەندێجار دەستبەرداری هەندێ مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاوەری شاندێك گەیشتە هەولێر و بەجیا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.