Erbil 31°C پێنجشەممە 17 تەمووز 21:28

پسپۆڕێک: خوێ هۆکاری سەرەکیی جەڵتەیە و بەم پێکهاتانە جێگەی بگرنەوە

کوردستان TV
100%

پسپۆڕێکی بواری تەندروستی هۆشداری دەدات لە خواردنی زیاد لە پێویستی خوێ و بە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییە کوشندەکانی وەک جەڵتەی دڵ و مێشک و بەرزیی پەستانی خوێنی دادەنێت، هاوکات چەند جێگرەوەیەکی سروشتی بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاشکرا دەکات.

ئۆکسانا درابکینا، ئەکادیمی و پسپۆڕی تەندروستی، ئاشکرای کرد خواردنی زیاد لە پێویستی خوێ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی مەترسیدار، وەک بەرزیی پەستانی خوێن، جەڵتەی دڵ و مێشک.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە داوە، زۆرێک لەو بەرهەمانەی رۆژانە دەیانخۆین خوێی شاراوەیان تێدایە و رێنمایی دەدات بۆ کەمکردنەوەی بڕی خوێ لە سیستەمی خۆراکیی رۆژانەدا.

ئۆکسانا درابکینا دەڵێت: "دەتوانرێت ئاوی لیمۆ، زەنجەفیلی وشککراوە یان هاڕاو، گژوگیا، پیازی وشککراوە و سیری وشککراوە، لەبری خوێ بۆ تامدارکردنی خواردنەکان یان بۆ کەمکردنەوەی بڕەکەی بەکاربهێنرێن و بە تێپەڕبوونی کات، خانەکانی تامکردن لەسەر زمان لەگەڵ بڕێکی کەمتری خوێ رادێن."

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی ئەو خوێیەی دەیخۆین لەو خواردنانەوە نایەت کە لە کاتی لێناندا خوێیان پێدا دەکرێت، بەڵکوو لە بەرهەمە ئامادەکراوەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک سۆسیس، چپس، سەوزەی قوتوو و سۆسەکان.

ناوبراو دەشڵێت: "تەنیا 20٪ـی خوێ لە کاتی چێشتلێنان یان لەسەر مێزی نانخواردن زیاد دەکرێت. بڕەکەی دیکە لەنێو خۆراکە پیشەسازییەکان و بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا هەیە."

بۆ کەمکردنەوەی خوێ لە سیستەمی خۆراکیدا، ئەو پسپۆڕە رێنمایی دەدات کە بە وردی سەرنجی نووسراوی سەر بەرهەمەکان بدرێت و ئەو بەرهەمانە هەڵبژێردرێن کە لەسەریان نووسراوە بێ خوێ یان سۆدیۆمی کەمە. هەروەها باشترە خواردن لە ماڵەوە ئامادەبکرێت، چونکە بەم شێوەیە دەتوانرێت کۆنترۆڵی بڕی خوێی بەکارهاتوو بکرێت.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.