پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە کە شەوی رابردوو لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر، شۆفێرێکی تەکسیی بە چەقۆ کوشتووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە تۆمەتبارەکە دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لە رووداوەکە، دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 4ـی تەممووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو، پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، لەسەر شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر، دوای ئەوەی لەسەر کێشەیەک دەمەقاڵێ لەنێوان سەرنشینێک و شۆفێرێکی تەکسییدا دروست دەبێت، سەرنشینەکە هێرش دەکاتە سەر شۆفێرەکە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پۆلیس، لە ئەنجامی دەمەقاڵێکەدا، سەرنشینەکە شۆفێرە تەکسییەکە کە ناوی (ف. س. م) و تەمەنی 39 ساڵە، بە چەقۆ دەکوژێت و دواتر لە شوێنی رووداوەکە هەڵدێت.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان و گەیشتنی تیمەکانیان بۆ شوێنی رووداو، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا توانرا تۆمەتباری بکوژ دەستگیر بکرێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی، رادەستی دادگە کراوە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.