Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:01

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پشکنەرەکانی لە ئێران کشاندەوە

کوردستان TV
100%

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پشکنەرەکانیان ئێرانیان بەجێهێشتووە، دوای ئەوەی ئێران بە فەرمی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکەدا هەڵپەسارد.

ئەمڕۆ هەینی 4ـی تەمووز، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی کردەوە کە پشکنەرەکانیان ئێرانیان جێهێشتووە، ئاژانسەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەندامانی تیمی پشکنەرانی ئاژانس ئەمڕۆ بە سەلامەتی ئێرانیان بەجێهێشت و دەگەڕێنەوە بارەگای ئاژانسەکە لە ڤیەننا، دوای ئەوەی لە تەواوی ماوەی ململانێ سەربازییەکەی دواییدا لە تاران مابوونەوە."

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، جارێکی دیکە جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان ئاژانس و ئێراندا کردەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی چاودێری و پشتڕاستکردنەوەی پێویست لە ئێران لە نزیکترین کاتدا.

ئێران ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە فەرمی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵپەسارد. ئەمەش دوای شەڕێکی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە تێیدا هێرشی ئاسمانیی بێپێشینەی ئیسرائیل و ئەمریکا کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و گرژییەکانی نێوان تاران و ئاژانسەکەی زیاتر کرد.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.