Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 04:38

گەرما هەڕەشە لە ژیانی ئەوروپییەکان دەکات

کوردستان TV
100%

شەپۆلێکی گەرمای بێوێنە بەشێک لە ئەورووپای گرتووەتەوە، لەوانە تورکیا، یۆنان، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیسپانیا و تا ئێستا بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران ماڵ چۆڵ بکرێن هەروەها چەندین کەس گیانیان لەدەستداووە.

لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز وڵاتانی ئەوروپای گرتووەتەوە، بە هۆیەوە چەندین ناوچەی جیاواز ئاگری لێ کەوتووەتەوە و تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵ بكڕێت. ئاگرەکەی ئەوروپا زیانی گیانی و ماددیی هەیە و بەشێوەی جیاواز لە ناوچەکان تۆمارکراون.

 

تورکیا

تورکیا، بە یەکەم وڵات دادەنرێ لە سەرهەڵدانی ئەم ئاگرە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان دووکەس گیانیان لە دەست داوە و چەندین کەسیش بریندار بوون، هەزاران ماڵیش چۆڵ کراون. هەروەها هەزاران کیلۆمەتر زەویش زیانیان بەر کەوتووە. کاریگەریی بای بەهێز و گەرما، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان قورس کردەووە.

 

یۆنان

تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی یۆنان کە هاوسنووری تورکیایە، بووەتە هۆی زیانی گەورە و سووتانی هەزران هێکتار زەوی و چۆڵکردنی شوێنە گەشتیارییەکان هەروەها چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە.

تورکیا، یۆنان و وڵاتانی تری دەریای ناوەڕاست دەکەونە ناوچەیەکەوە کە وەک "ناوچەی مەترسیداری ئاگرکەوتنەوە'' ناسراوە. ئاماژە بەوەش دراوە: شەپۆلی گەرمییەکە بای وەرزی ئاسایی باکوور دەهێنێت نەک بارستە هەوای ئەفریقا، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ئەسینای پایتەخت و دەوروبەری باشووری ئەم شارە.

 

ئەڵمانیا

لە ویلایەتی ساکسۆنیای ئەڵمانیا لانیکەم دوو کەس بە سەختی بریندار بوون و زیاتر لە 100 کەس ئەو شوێنەیان چۆڵ کردووە.

 

ئیسپانیا

لە لایەکی دیکەوە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و سوتانی هەزاران کیلۆمەتر زەوی.

 

ئیتالیا

شەپۆلی گەرمای بێوێنە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم چوار کەس لە ئیتالیا، سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە دوو لە قوربانییەکان لە کەناراوەکانی ساردینیا، یەکێکیان لە لۆمباردیا و یەکێکی دیکەیان لە لیگوریا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەست داوە.

 

فەڕەنسا

لە فەرەنساش، کچێکی ١٠ ساڵان لە کاتی سەردانیکردنی کۆشکی ڤێرسای، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا. گەرمالێدان (گەرمابردوویی) وەک هۆکاری ئەگەریی ئەم ڕووداوە باسی لێ کراوە.

 

ئەزموونی تاڵی شەپۆلە کوشندەکانی گەرما لە ساڵانی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئەورووپای ناچار کردووە کە هۆشداریی جددیی کەشناسی بۆ گرووپە لاوازەکان، وەک بەساڵاچووان، نەخۆشەکان و منداڵان، دەربکەن.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.