لە شەوی رابردووەوە ئەو هێزەی سوپای ئەمەریكا كە لە بنكەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنباڕن، خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەر و حاڵەتێكی نەخوازراو.
شەوی رابردوو لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر درۆنێك خرایە خوارەوە، پێش ئەویش درۆنێكی دیكە لە كەركووك كەوتبووە خوارەوە، لە نیوەڕۆی هەمان رۆژیش بەهەمانشێوە درۆن لە گەرمیان كەوتبووە خوارەوە، ئەمە وای كردووە هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە بنكەی عەین ئەسەد بخرێنە ئامادەباشییەوە.
ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم) لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقی بڵاوی كردەوە: لە شەوی رابردووەوە هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەر و حاڵەتێكی نەخوازراو، تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە ئامادەكارییەكان لە بنكە سەربازییەكە بەردەوامن.
سەرچاوەكە هەروەها رایگەیاندووە: هێزەكانی ئەمەریكا بەهۆی هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانی چەند رۆژی رابردووی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، ترسیان هەیە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران هێرشیان بكرێتە سەر.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لە شەوی رابردووەوە هێزەكانی ئەمەریكا بەردەوام لە ئاسمانەوە چاودێری دەوروبەری بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد دەكەن و لەسەر زەویش چاودێرییە ئەمنییەكان لە بورجە چاودێرییەكان زیاتر كراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.