ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هانی وڵاتانی داوە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا، لە ڕێگەی سەپاندنی باجەوە، نرخی خواردنەوە شیرینکراوەکان، خواردنەوە کحولییەکان و بەرهەمەکانی تووتن بە ڕێژەی 50٪ بەرز بکەنەوە.
جێرمی فارار، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای کرد لە رێگەی سەپاندنی باجەوە، نرخی خواردنەوە شیرینکراوەکان، خواردنەوە کحولییەکان و بەرهەمەکانی تووتن بە ڕێژەی 50٪ بەرزبکرێتەوە. بەهۆی ئەوەی ئەو بەرهەمانە دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و هەندێک جۆری شێرپەنجە؛ ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانیان.
ئەمەش بەهێزترین پشتیوانیی ڕێکخراوەکەیە تا ئێستا بۆ بەکارهێنانی باج لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی تەندروستیی گشتی. ئەمەش دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی داهات.
بە گوتەی جێرمی فارار: "باجە تەندروستییەکان یەکێکن لە کاریگەرترین ئەو ئامرازانەی لەبەردەستماندان" جەختیشی کردەوە "کاتی کارکردن هاتووە".
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم دەستپێشخەرییەی لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دارایی لەپێناو گەشەپێداندا ڕاگەیاند، کە لە شاری سێڤیلیا (ئیسپانیا) بەڕێوەچوو. بەپێی دەستپێشخەریی ڕێکخراوەکە، ئەم بەرز کردنەوەی رێژەی باجە دەتوانێت تا ساڵی 2035، بڕی تریلیۆنێک دۆلار کۆبکاتەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بەڵگەی سەرکەوتنی باجە تەندروستییەکان لە وڵاتانی وەک کۆلۆمبیا و ئەفریقای باشوور.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.