شەوی ڕابردوو ڕووسیا بۆ ماوەی 13 کاتژمێر بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر پایتەختی ئوکراینا و ئەمەش بە گەورەترین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئوکراین دادەنرێت.
هێزی ئاسمانیی ئوکراینا بەیانیی ڕۆژی هەینی 04ی تەمووزی 2025 ڕایگەیاند، ڕووسیا لە کاتژمێر 7ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە بە درۆن و مووشەک هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر کیێفی پایتەختی ئوکراینا. لەم هێرشەدا تا هەشتی بەیانیی رۆژی هەینی بەردەوام بوو، بە گشتی 539 درۆنی خۆتەقێن و 11 مووشەکی بالستی ئاراستەی کیێف کران. سوپای ئوکراینا دەڵێ توانیویانە 270 درۆنی ڕووسیا بەر لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان بتەقێننەوە.
شارەوانیی کیێف ڕایگەیاندووە کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکانی ئەو درۆنانەی لە ئاسمان تەقێنراونەتەوە، بووەتە هۆی ئاگرکەونتەوە لە چەند شوێنێک و زیان بە بینا و باڵەخانە و ئوتۆمبێلەکانی هاووڵاتییان گەیشتووە. سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی کیێفیش ئاماژەی بەوە کردووە دووکەڵێکی چڕ هەموو شارەکەی داگرتووە.
حکوومەتی ئوکراینا ڕایگەیاندووە، لەم هێرشانەدا 23 کەس بریندار بوون و ژێرخانەکانی هێڵی شەمەندەفەری ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەوتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی هێرشەکەدا بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا، هیچ دەسکەوتێکی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئوکراینا نەبووە.
پێشتر دەسەڵاتدارانی ئوکراینا هۆشدارییان دابوو، ڕاگرتنی ناردنی چەک و هاوکارییە سەربازییەکان لە لایەن ئەمریکاوە، هێزی ئەم وڵاتە لە بەرانبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیادا زۆر لاواز دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.