ئاژانسی فڕۆکەوانیی ئێران ڕایگەیاند سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئەم وڵاتە جگە لە دوو فڕۆکەخانەی ئیسفەهان و تەورێز، لە ڕۆژی شەممەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە.
بەپێی بڕیاری کۆمیتەی هەماهەنگیی ئاژانسی فڕۆکەوانیی ئێران، هەردوو فڕۆکەخانەی "میهربائاد" و "ئیمام خومەینی"ی تاران و سەرجەم فڕۆکەخانەکانی سەرانسەری ئێران جگە لە دوو فڕۆکەخانەی ئیسفەهان و تەورێز لە ڕۆژی شەممەوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 5ی بەیانی تا 6ی ئێوارێ، گەشتەکانیان دەست پێ دەکەنەوە.
ئاژانسی فڕۆکەوانیی ئێران ڕاشیگەیاندووە فرۆکەخانەکانی ئیسفەهان و تەوریز، پاش ئامادەبوونی ژێرخانەکانیان و لە ئەگەری نەمانی هەموو بەربەستەکان، تێکەڵ بە سیستەمی فڕۆکەوانیی ئیران دەکرێنەوە.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕۆژی 13ی حوزەیرانی 2025، گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ ماوەی 20 ڕۆژ ڕاگیران.
لە ماوەی هەشت ڕۆژی دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش، حکوومەتی ئێران تەنیا لە چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە گەشتە ئاسمانییەکانی دەست پێ کردەوە و ئاسمانی ناوچەکانی ناوەند، باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای ئێران هەر وا بە ڕووی گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا داخرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.