دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە گفتوگۆیان كردووە و گفتوگۆكەش ماوەی نزیكەی كاتژمێرێكی خایاندووە.
ئەمە شەشەم پەیوەندیی تەلەفۆنی ئاشكرای نێوان هەردوو سەرۆكە لەوەتەی ترەمپ بۆ دووەمجار بووەتەوە سەرۆك، دوایین پەیوەندیش لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بوو و تێیدا تاوتوێی پرسی دۆسییەی ئەتۆمی ئێرانیان كردبوو.
بەگوێرەی میدیاكانی رووسیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئەمڕۆدا، پووتین بە ترەمپی گوتووە وڵاتەكەی دەستبەرداری ئامانجە سەرەكییەكانی لە ئۆكڕاینا نابێت، لە هەمانكاتیشدا رەزامەندی دەربڕیوە درێژە بە گفتوگۆكان لەگەڵ كیێف بدات.
پووتین جەختی كردۆتەوە كە پێویستە ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بكرێت، لەنێویشیاندا جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
پووتین ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشانداوە سەرجەم كێشە و ناكۆكی و ململانێیەكان لەگەڵ وڵاتان، راستەوخۆ بەڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر بكات.
جگە لەوەش هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات كردووە بە تایبەت لە بوارەكانی وزە و بۆشایی ئاسماندا كە سوود و قازانجی بۆ هەردوو وڵات دەبێت.
چاوەڕوان دەكرێت دوای پەیوەندییەكەی لەگەڵ پووتین، سبەی هەینی دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی لەگەڵ فۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕانیاش ئەنجام بدات و هەردوولا پرسی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ تاوتوێ بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.