Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 00:24

زانیاری لەبارەی ئەو پڕۆژەیەی لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر دروست دەكرێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەكی گەورەی سەوزكردن لەسەر رێگەی هەولێر-مووسڵ جێبەجێ دەكات كە سیمایەكی شارستانی و جوانتر بە دەروازەی شارەكە دەبەخشێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیران، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەییندراوێکدا رایگەیاند: لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی فراوانكردنی رووبەری سەوزایی لە پایتەخت، پڕۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی 120 مەتری لەسەر رێگەی هەولێر- مووسڵ، یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی كە لەلایەن وەزارەتەوە دیزاین كراوە و كاری جێبەجێكردنی دەستی پێ كردووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پڕۆژەكە لەسەر رووبەری 205 هەزار مەتری چوارگۆشە بنیات دەنرێت و بڕیارە نزیكەی 70 هەزار دار و گوڵ و درەختی هەمەجۆر لەخۆبگرێت.

یەكێك لە تایبەتمەندییە دیارەكانی پڕۆژەكە، دروستكردنی ئاڵایەكی گەورەی كوردستانە لەنێو رووبەرە سەوزاییەكەدا، كە بەشێوەیەك دیزاین كراوە لە ئاسمانەوە دیمەنێكی ناوازە و جوان بە شاری هەولێر دەبەخشێت، بەتایبەتیش كە پڕۆژەكە دەكەوێتە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئامانجی سەرەكیی پڕۆژەكە جگە لە زیادكردنی رێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە، بریتییە لە بەخشینی سیمایەكی مۆدێرن و جوان بە دەروازەی سەرەكیی شاری هەولێر لە ئاراستەی مووسڵ كە بە یەكێك لە دەروازە قەرەباڵغ و گرنگەكانی پایتەخت هەژمار دەكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.