ئەپڵیکەیشنی بەناوبانگی نامە ناردنی واتسئاپ (WhatsApp) کار لەسەر پەرەپێدانی تایبەتمەندییەکی نوێ دەکات کە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی سیستەمی "iOS"ی تایبەت بە مۆبایلی ئایفۆن دەدات لەنێوان چەند هەژمارێکدا بگۆڕن، ئەمەش تایبەتمەندییەکە کە پێشتر بۆ بەکارهێنەرانی ئەندرۆید بەردەست بوو.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی (WABetaInfo) کە تایبەتە بە نوێترین زانیارییەکانی واتسئاپ، بەکارهێنەرانی سیستەمی "iOS" دەتوانن لە رێگەی بەشێکی نوێوە لە لیستی رێکخستنەکان (Settings) دەستیان بەم تایبەتمەندییە بگات، کە تێیدا هەموو ئەو هەژمارانەی لەسەر ئەپڵیکەیشنەکە تۆمارکراون پیشان دەدرێن.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەم بەشە وێنە و ناوی هەریەک لە هەژمارەکان پیشان دەدات، کە ئەمەش ناسینەوە و گۆڕینیان بۆ بەکارهێنەر ئاسان دەکات.
هەروەها روونیکردووەتەوە کە بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی هەمان بەشەوە هەژماری نوێ زیاد بکەن بەبێ ئەوەی زانیارییەکانی هەژمارە تۆمارکراوەکانی پێشوویان لەدەست بدەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، کاتێک بەکارهێنەر هەژمارێکی جیاواز لەوەی کە چالاکە هەڵدەبژێرێت، واتسئاپ دەستبەجێ دەگوازرێتەوە بۆ هەژمارە نوێیەکە، ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی بارکردنی مێژووی گفتوگۆکانی ئەو هەژمارە و جێبەجێکردنی رێکخستن و تایبەتمەندییەکانی.
ماڵپەڕەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە گۆڕینی هەژمارەکان پێویستی بە چوونەدەرەوە یان کردنەوەی دووبارەی ئەپڵیکەیشنەکە نابێت، بەڵکو بە یەک کلیک و بە شێوەیەکی خێرا دەگوازرێتەوە بۆ هەژماری دیاریکراو، ئەمەش رێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە ئاسانی لەنێوان هەژمارەکاندا هاتوچۆ بکەن.
تایبەتمەندیی گۆڕینی هەژمارەکان بۆ سیستەمی "iOS" هێشتا لە قۆناغی پەرەپێداندایە و چاوەڕوان دەکرێت لە نوێکردنەوەیەکی داهاتوودا بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن بەردەست بخرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.