سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لەناڵی بی بی سی دەڵێت، لەبەر ئەوەی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی شیاومان نییە، نەمانتوانی رێگە لەوە بگرین ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئاسمانی عێراق بەکار بهێنێت.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی رایگەیاند؛ ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران.
سوودانی دەڵیت: "48 کاتژمێر پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرجەم لێکدانەوە ئەمنی و سیاسیی و تەنانەت میدیاییەکانیش بەو ئاراستەیەدا بوون کە هێرشێکی لەناکاو روودەدات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات کە بەر لە دەستپێکردنی شەڕەکە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و "هاوپەیمانانیان" کردووە و هۆشدارییان لەو هێرشە داوە و دەڵێت؛ "ئەوەندەمان زانی، هێزە ئەمنییەکان بەزاندنی ئاسمانی عێراق و هێرشکردنە سەر ئێرانیان پێ راگەیاندین".
سوودانی بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە "پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتێکی سەربەخۆ و ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان" ناو برد و بە "هەڕەشە بۆ سەر سوپا و ئاسایشی عێراق و خەڵکەکەی" وەسف کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە ئاسمانی وڵاتەکەی گوتی؛ "بەداخەوە، بەهۆی کۆمەڵێک بابەتی ئاڵۆز کە لە رابردووەوە بەهۆی بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دروستبووە، هاوکات بەهۆی کەمتەرخەمیی حکوومەتەکانی پێشووی عێراق لە دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، ئێمە سیستمێکی بەرگری ئەوەندە پێشکەوتوومان نەبوو بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو پێشێلکارییەی ئیسرائیل ببینەوە".
سوودانی لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵیت؛ "بەدڵنیاییەوە، ئێمە بەدوای دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانین بۆ عێراق، هەوڵەکانیش لە سەرەتای دەستبەکاربوونی من وەکو سەرۆکوەزیران دەستیان پێ کردووە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.