بەڕێوبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، هیچ نووسراوێکی فەرمی نیە لە عێراقەوە بۆ درێژکردنەوەی وادەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند: "تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی لە عێراقەوە نەهاتووە بۆ درێژکردنەوەی وادەی خۆتۆمارکردنی پسولەی ئەلیکترۆنی خۆراک، ئەوەی دەگوترێت تەنها دەنگۆیە".
بەڕێوبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، تا نووسراوی فەرمی لە عێراقەوە نەگاتە دەستمان هیچ وادەیەکی درێژکردنەوە نابێت و پێویستە لەسەر هاووڵاتییان خۆیان تۆمار بکەن.
سیامەند قادر لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە کارتی نیشتیمانییان نییە گوتی: دەبوایە بە زووترین کات مامەڵەکانیان تەواو بکردایە و هەر کەسێک کارتی نیشتیمانی نەبێت ناتوانێت خۆی تۆمار بکات.
بەڕێوبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی: ئەو هاوسەرانەی لەیەکدی جیابوونەتەوە دەتوانن لە ڕێگەی ناردنی وشەی نهێنی بۆ هاوژینەکانیان پسوولەکە پڕبکەنەوە، ئەگەر کێشەی کۆمەڵایەتیی لە نێوانیان هەبێت و پەیوەندیان پچڕابێت، بەشی کێشەوگرفتە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە سەرۆکی خێزان سەردانی بەڕێوبەرایەتییەکەمان دەکات و پێداویستییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆی دەهێنێت و لەلایەن کارمەندەکانمان گفتوگۆ لەگەڵ خێزانیان دەکرێت و فۆڕمەکەیان بۆ پڕ دەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.