یۆهان ڤادیپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی کیێڤی کردووە و دەڵیت؛ پوتین لە هیچ کام لە داواکارییەکانی پاشەکشە ناکات و خۆ بەدەستەوەدانی دەوێت، نەک دانوستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیران، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، یۆهان ڤادیپول، لە یەکەم سەردانی فەرمیدا گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە زاری ڤادیپولەوە رایگەیاندووە: "بەرلین بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا، چونکە نەک بەرگری لە ئازادی و سەروەریی خۆی دەکات، بەڵکو بەرگریی لە ئاسایش و ئازادیی ئەوروپاش دەکات".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی ئامانجی لە شەڕ ملکەچکردنی کیێڤە و ڕایگەیاند کە ڕووسیا پشتی بەوە بەستووە کە ئەوروپا لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا سارد ببێتەوە.
گوتیشی: '' ئێمە بە بەردەوامیی لەپاڵ ئۆکراینادا دەوەستین، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرگریکردن بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مۆدێرن و چەکی دیکە، لەگەڵ هاوکاریی مرۆیی و ئابووری. ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە ئەمڕۆ گەشتم بۆ کردووە''.
هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتینی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە هیچ کام لە داواکارییەکانی بۆ دانوستانی ئاشتی پاشەکشە ناکات، ئەو تەسلیمبوونی ئۆکراینای دەوێت، نەک دانوستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.