سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەپێچەوانەی باراک ئۆباما کە ملیاران دۆلاری لە پێناو رێککەوتنی ئەتۆمی دابوویە ئێران، ئامادە نییە هیچ بداتە تاران و دەشڵێت؛ "هیچ شتێک نەماوە تا لەبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ تاران بکەین".
رۆژی دووشەممە 30ـی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئێمە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد، ئیتر پێویست ناکا گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین".
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛ "بە سیناتۆرە تەزویرەکەی دیموکراتەکان، کریس کۆنز بڵێن کە من هیچ پێشنیازێکم نەداوەتە ئێران و لە داهاتووش نایدەم".
سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت؛ "بە پێچەوانەی ئۆباما کە ملیاران دۆلاری لەژێر ناوی؛ بیرۆکەی گەمژانەی رێککەوتنی پێنج کۆ یەک، بەرەو چەکی ئەتۆم، کە ئێستا لەناوچووە، دایە ئەوان (ئێران)، تەنانەت ئێستا گفتوگۆشیان لەگەڵ ناکەم، لەبەر ئەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەوانمان بە تەواوەتی لەناو بردووە".
ئەو لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە پێشتر سیناتۆر کریس کۆنز، ترەمپی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە پێشنیازی 30 ملیار دۆلاری بە ئێران دابوو لە پێناو راگرتنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و وەستانی تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.