Erbil 31°C دووشەممە 29 حوزەیران 19:39

کۆریای باشوور داوای ئاگادارکردنەوە لە كۆریای باکوور دەکات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی یەکگرتنی کۆریای باشوور داوای لە کۆریای باکوور کرد کە پێشوەختە ئاگادارییان بکاتەوە پێش بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی هوانگانگ، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە لافاو لە ناوچە سنوورییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، جانگ یون جیۆنگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی یەکگرتنی کۆریای باشوور رایگەیاند: "داوا لە کۆریای باکوور دەکەین بۆ مەبەستی مرۆیی پێشوەختە ئاگادارمان بکاتەوە کاتێک ئاوی بەنداوی هوانگانگ بەردەداتەوە، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە لافاو لە ناوچە سنوورییەکان لە وەرزی بارانباریندا."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: حکوومەتی کۆریای باشوور پاراستنی گیان و سەلامەتیی هاووڵاتییانی بە گرنگترین ئەرکی دەوڵەت دەزانێت و گوتی: "ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی کۆریای باکوور پێش بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان، پرسێکە راستەوخۆ پەیوەندیی بە سەلامەتیی هاووڵاتییانمانەوە هەیە لە ناوچە سنوورییەکان."

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی یەکگرتن جەختیشی کردەوە کە رووبەڕووبوونەوەی هاوبەشی کارەساتە سروشتییەکان پرسێکی مرۆییە کە لە رابردوودا هەردوولا چەندین جار رێککەوتوون لەسەر هاوکاریکردن بۆ رێگریکردن لە لافاو لەسەر رووباری ئیمجین، کە لە باکوورەوە بەرەو باشوور دەڕژێت.

ئەم داواکارییە دوای دوو رۆژ دێت لەوەی وەزارەتی ژینگەی کۆریای باشوور هۆشداریی دا لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە نزیک پردی پیلسونگ لەسەر رووباری ئیمجین بۆ ئاستی یەک مەتر، کە بەهۆی گومانی بەردانەوەی ئاوەوە بووە لە بەنداوی هوانگانگی کۆریای باکوور.

شایەنی باسە، لە ئەیلوولی ساڵی 2009 دا، بەردانەوەی ئاوی بەنداوی هوانگانگ لەلایەن کۆریای باکوورەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە ناوچەی یۆنچیۆن و بەهۆیەوە شەش هاووڵاتیی کۆریای باشوور گیانیان لەدەست دا یان بێسەروشوێن بوون، مانگێک دوای ئەو رووداوە، پیۆنگیانگ رەزامەندیی دەربڕی کە پێشوەختە سیئۆل ئاگادار بکاتەوە، بەڵام جگە لە چەند جارێک لە ساڵانی 2010 و 2013، لەو کاتەوە هیچ ئاگادارییەکی نەداوە

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.