وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە پارێزگای سلێمانی پیاوێكی تەمەن 41 ساڵ تووشی تای خوێنبەربوون بووە و ئێستا تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردەوە: حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا، ئەویش پیاوێکی دانشتووی شاری سلێمانی/ چوارچرا تەمەن (41) ساڵەیە و لە ڕێگای سەربڕینی چەندین ئاژەڵ و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو تووشی نەخۆشییەكە بووە.
راشیگەیاند: تووشبووەكە دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داواشی لە هاووڵاتییان كرد پابەندی ڕێنماییەکان بن و لە کاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە، یاخود هاووڵاتییانی بەرکەوتووی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
جەختیشی كردەوە كە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا شەش حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراونەتەوە کە بەداخەوە حاڵەتێکیان لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەست دا، هەروەها حاڵەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.