Erbil 31°C یەکشەممە 28 حوزەیران 09:26

ئێران و ئەمریکا ناکۆکن لەسەر کاتی بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستانەکانیان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت پێنجشەممە گەڕی شەشەمی دانوستانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت و تێیدا پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم یەکلایی دەکەینەوە، ئێرانیش دەڵێت یەکشەممە کۆدەبینەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم مافی خۆمانە و دەستبەرداری نابین.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل بقایی گوتەێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی نا راستەوخۆی گەڕی شەشەم لە بارەی پرسی ئەتۆم لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت".

لەبارەی گۆڕانی کاتی کۆبوونەوەکە کە بڕیار بوو ئەم پێنجشەممەیە بکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەشتدایە و رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە لە نەرویج دەبێت".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو گوتی، گفتووگۆکان لەگەڵ ئێران باش بەڕێوەچوون و لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوانمان، "هیوادارم لە کۆبوونەوەی ئەمجارە بگەینە ڕێککەوتن بۆ دوورکەوتنەوە لە جموجۆڵی سەربازی".

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، تا رۆژی پێنجشەممە 12ی حوزەیران، با چاوەڕوانبین بزانین لە گەڕی شەشەمی دانوستانەکان چی ڕوودەدات، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە ئێران رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردووی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکا راگەیاندووە.

هەفتەی ڕابردوو ئێران رایگەیاند، ئەمریکا چەند پێشنیازێکی لەبارەی پرسی ئەتۆمەوە بۆ ناردوون، بەڵام ناڕونی لە ناوەڕۆکەکەی هەیە.

دواتر لە ساڵوەگەڕی مردنی روحوڵا خومەینی، رێبەری پێشووی ئێران، عەلی خامنەیی پێشنیازی ئەمەریکای بۆ رێککەوتن بە پێچەوانەی "بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان" ناوبرد و گوتی؛ "پیتاندنی یۆرانیۆم پرسێکی سەرەکی و ستراتیجییە لە پیشەسازیی ئەتۆمیدا و دوژمن رێک پەنجەی لەسەر ئەو خاڵە داناوە".

لە کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئەمریکا و ئێران مشتومڕی لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکرێت و سەرۆکی ئەمەریکاش چەندین جار بۆ میدیاکان دووپاتی کردووەتەوە کە؛ لە ئەگەری رێککەوتنمان هەرگیز رێگە نادەین ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.