Erbil 31°C ھەینی 26 حوزەیران 04:06

سلێمان ئۆسۆ: شاندی کوردستان پرسە نەتەوەییەکان لەگەڵ دیمەشق تاوتوێ دەکات

کوردستان TV
100%

ئەندامێکی شاندی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا گەشبینە بەوەی سووریا دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد لەو وڵاتە بنێت و دەڵیت، ئێمە وەکو کورد دۆزێکی رەوامان هەیە و قبوڵی ناکەین پشتگوێ بخرێتن، بەڵکو دەبێ لە دەستووری نوێدا دان بە مافەکانماندا بنرێت.

 

رۆژی یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی شاندی دانوستانکاری کورد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق بە جاندار شرناخی،پەیامنێری کوردستان تیڤی لە دیمەشقی راگەیاند؛ "دوای پشووی جەژن سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کۆدەبینەوە و بیرۆڕا لەبارەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ دیمەشق دەگۆڕینەوە".

 

رۆژی چوارشەممە 4ـی حوزەیران بە فەرمی شاندی کوردستانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق راگەیەنرا کە پێکهاتوون لە هەشت کەس، سلێمان ئۆسۆ پێکهێنانی ئەو شاندە بە بەرهەمی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ دەزانێت کە رۆژی 26ـی نیسانی بە دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی بەسترا و دەڵێت؛ "ئەو کۆنفرانسە بۆ شاندەکە وەک مەرجەع وایە".

 

سلێمان ئۆسۆ، کە هاوکات ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریایە، گوتی؛ "کورد لە سووریا مافە نەتەوەییەکانی زەوت کراون و بەردەوام رووبەڕووی هەڵوێستی رەگەزپەرستانەی ناوەند بوونەتەوە، لە بەرامبەردا بە بەردەوامی بەرگریمان لە دۆزی خۆمان کردووە، ئێمە نەتەوەیەکی رەسەنین لە سووریا و دەبێ دانپێدانانێکی دەستووری بۆ هەبوونی نەتەوەی کورد هەبێت.

 

لەبارەی ناوەڕۆکی دانوستانەکانی شاندی کورد لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا، سلێمان ئۆسۆ رایگەیاند؛ "دەبێت لە دەستووری نوێی سووریا دان بە مافە نەتەوەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی کورد بنرێت و زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی هاوشانی زمانی عەرەبی دانی پێدا بنرێت".

 

زیاتر روونیدەکاتەوە؛ "دەبێت ناوی کۆماریی عەرەبی سووریا نەمێنێت کە پێشتر ناوی کۆماری سووریا بوو، ناوی حکوومەتی سووریا دەبێت بەگوێرەی نەتەوەکانی ناو سووریا بێت، لەبەر ئەوەی سووریا فرە نەتەوە و ئاینە، پێویستە لە دەستووری نوێی سووریادا دان بە مافی هەموو ئەو نەتەوانەدا بنرێت".

 

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانی کورد باس لەوە دەکات کە رژێمی پێشووی سووریا حکوومەتێکی ناوەندیی و دیکتاتۆر بوو، یەک لەو هۆکارانەی وای کرد ئەوهەموو نەهامەتییە بەسەر کوردی سووریادا بێت، حوکمی ناوەندی "مەرکەزی" بوو، بۆیە ئێمە دەمانەوێت سووریا حکوومەتێکی نا ناوەندیی بێت و هەرێمەکان بە شێوەی نا ناوەندیی بەڕێوەببرێن و ئەو هاوکارییانەی دەدرێنە سووریاش، بەسەر هەموو پێکهاتەکاندا بە یەکسانی دابەش بکرێت.

 

سلێمان ئۆسۆ گەشبینە بەوەی حکوومەتی نوێی سووریا رەچاوی ماف و داواکارییەکانی کورد لەو وڵاتە بکات و پێیوایە؛ "حکوومەتی نوێی سووریا بە شێوەیەکی ژیرانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوە رێکخستەوە، ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی چەندین مەرجیان بۆ ئەو حکوومەتە نوێیە داناوە کە هەندێکیان بریتین لە پێدانی مافی نەتەوەکان، بۆیە لەو باوەڕەین بە هەمان ژیرییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسە ناوخۆییەکانیش بکات، لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو نەتەوە قبوڵ ناکەین لە سووریادا پشتگوێ بخرێین، بەڵکو دەبێت مافەکانمان جێبەجێ بکرێن و ئەوەش بە مافی خۆمان دەزانین"

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.