کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات و پەیامنێری کوردستان تیڤی لە شوێنی کۆبوونەوەکە دەڵێت، پاش کەمێکی دیکە ئەگەر هەیە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە بڵاوبکرێتەوە.
رۆژی شەممە 31ـی ئایاری 2025 بە دەستپێشخەری پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆسرەت ئازاد، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە شوێنی کۆبوونەوەکە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان پێداگریکردن بووە لەسەر یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا.
هەریەک لە،یەکێتی نیستمانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، پارتی گەلی تورکمان، پارتی چاکسازی تورکمان، پارتی سۆشیالیستی کوردستان و یەکیتی نەتەوایی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەر بووە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە و تێیدا راوبۆچوونی هەموو لایەنەکان بەرامبەر بڕینی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.
ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە کە ناتوانێت چیدیکە مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەو بیانووەی هەرێمی کوردستان پشکی خۆی بە زیادەوە لە بودجە پێدراوە.
لە بەرامبەردا رۆژی 29ـی ئایار، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئەو هەنگاوەی وەزارەتی دارایی عێراقی بە بڕیارێکی سیاسی لەقەڵەمدا و رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو جەژنی قوربان مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکرێت ،هەڵوێستی رژدیان دەبێت و رایدەگەیەنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.