فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا كە داوایان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بڕیاری بەپەلەی ناردنی مووچە بدەن و ئەم مافەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە هیچ ململانێیەكی سیاسی نەبەسترێتەوە".
لە راگەیەنراوە هاوبەشەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكاندا هاتووە "تووشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە نەناردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە بەهۆیەوە بارودۆخی فەرمانبەران بۆ جەژنی قوربان سەختتر دەكات".
هەروەها هاتووە "ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی عێراق سیاسییە و پێچەوانەی دەستووری عێراقە كە بەگوێرەی ماددەی 37/یەكەم/أ دەبێت پارێزگاری لە شكۆ و رێزی هاووڵاتیی بكرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكان".
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە "ئەم بڕیارە سیاسییەی وەزارەتی دارایی بۆ نەناردنی مووچە، پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستووری عێراقە كە مافی یهكسانی و دادپهروهری بۆ تهواوی هاووڵاتییان له سهرتاسهری وڵات دهستهبهر كردووه".
لە راگەیەنراوەكە دیسان هاتووە "داوامان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە چارەسەری ریشەیی گرفتەكانی مووچە بكرێت، بۆ ئەم مانگەش بڕیاری بەپەلەی ناردنی مووچە بدەن و ئەم مافەی هاووڵاتییان بە هیچ ململانێیەكی سیاسی نەبەسترێتەوە".
جەختیش كراوەتەوە "مووچه منهت نییه، بهڵكو مافێكی دهستووری و مرۆییه بۆ هاووڵاتییان دهستهبهر كراوه، بۆیه دواخستن و ڕاگرتنی دهبێته سزادانی به كۆمهڵی هاووڵاتییان".
لە كۆتاییدا هاتووە "هەڵوێستمان وەك فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان پەیوەست دەبێت بە بڕیار و شێوازی وەڵامی سەرۆك وەزیران، بە پێچەوانەشەوە هەنگاوی دیكە دەگرینەبەر بە قەبارەی ئازارەكانی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان".
دەقی راگەیەنراوی هاوبەشی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق:-
بە شۆکێكی زۆرو ئازارێكی سەختەوە، بڕیارەكەی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیمان پێگەیشت، بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، كە لە كۆتاییەكەیدایە و لە سەروبەندی جەژنی قوربانی پیرۆزدا.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە مرۆیی و هەلومەرجە سەختەی فەرمانبەرانی هەرێم پێیدا تێپەڕدەبن كە گەیشتووتە ئاستی برسیكردن و دژایەتیكردنی قوتی رۆژانەیان، بەهۆی سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەم بڕیارە بە ئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، کە جەخت لەسەر زامنكردنی شكۆی هاووڵاتییان دەكاتەوە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، پاڵپشت بە ئەحكامەنی ماددەی (37/یەکەم/أ)، كە زیانگەیاندنی بە شكۆی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕاندووە.
بەهۆی ئەو سیاسەتە ستەمكارانەیەی وەزارەتی دارایی پیادەی دەكات بە تایبەت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە هەرێم و بەهەندوەرنەگرتنی ئەحكامەكانی مادەی (١٤)ی دەستوور، کە زامنی مافی هاووڵاتییانی عێراقی كردووە لە یەکسانی و دادپەروەری بە شێوەیەكی هاوتا، لە سەرتاسەری وڵات.
ئێمە لە سۆنگەی ویژدانی نیشتمانی و ئەرکی مرۆیی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیمان، ئەمڕۆ بە فەرمی داوامان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستانی عێراق و نە بەستنەوەی مافی هاووڵاتییان بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە.
مووچە منەت نییە، بەڵکو شایستەیەکی دەستووری و مرۆییە و بە دەستوور و یاسا بۆ خاوەنەكەی زامنكراوە، دواخستنی یان راگرتنی سزایەکی بە کۆمەڵە کە تەنها فەرمانبەر باجەكەی دەدات، هاوكات داوای چارەسەری ریشەیی و هەمیشەیشمان بۆ کێشەی مووچە کردووە.
بۆیە هەڵوێستی ئێمە وەک فراكسیۆنە کوردستانیەكان، بەندە بە وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکوومەتەوە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی تر کە هاوتەریبی قەبارەی نەهامەتییەكانی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها فراكسیۆنە کوردستانیەكان داوا لە سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەکان دەكات لە حکوومەتی فیدراڵی، هەڵوێستی روون و راشكاوی خۆیان رابگەیەنن سەبارەت بەوەی دژی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
فراكسیۆنە کوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.