سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا، ئەگەر کەنەدا رازیبێت ببێتە ویلایەتی 51ـی ئەمریکا ئەوا بە گومەزی زێڕین دەیان پارێزێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردەوە: "کەنەدام ئاگادار کردەوە مانەوەی کەنەدا بە سەربەخۆیی و بەشداربوونی لە گۆمەزی زێڕین 61 ملیار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام ئەگەر بێت و ببنە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا، ئەوا بێبەرامبەر دەیانخەمە ژێر چەتری پرۆژەکەمەوە، کەنەدا بەڕاستی زۆر حەزدەکات بەشێک بێت لەو گۆمەزە زێڕینە"
ترەمپ دەڵێت، چاوەڕوانی وەڵامی کەنەدا دەکەم ئەوان ئێستا خەریکی گەنگەشەن لەناوخۆ بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.
دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، چەند جارێک بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە؛ دەیەوێت "کەنەدای باکوری ئەمریکا" بکاتە یەکێک لە ویلایەتەکانی.
مارک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا چەندین جار رەتی کردەوە ببێتە بەشێک لە ویلایەتی ئەمریکا و لە کۆشکی سپی بە ڕاستەوخۆ بە ترەمپی گووتوە "کەنەدا بۆ فرۆشتن نییە".
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە مانگی ئادار دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکوەزیران لەبەردەم پەرلەمانتاران و سەرۆکی پەرلەمان بەڵێنیدا کەنەدا بپارێزێت.
کارنی هەفتەی ڕابردوو رایگەیاندبوو، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ ترەمپ کۆبوونەتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر بوون بە بەشێک لە پرۆژەی گۆمەزی زێڕین.
گۆمەزی زێڕین بە فەرمانی ترەمپ و لەلایەن ئەمەریکاوە درووستدەکرێت و بڕی 175 ملیار دۆلاری تێدەچێت. بڕیارە ساڵی 2029 پرۆژەکە تەواوبێت، ترەمپ سەبارەت بەم پرۆژە بەرگرییە دەڵێت "توانای ئەوەی هەیە مووشەک و درۆن و تەواوی سیستەمە هێرشبەرەکانی دیکە بەرپەرچ بداتەوە، تەنانەت ئەگەر لە بۆشایی ئاسمانیشەوە ئەو هێرشە بکرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.