میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، دادوەرێکی دادگای شیراز لەکاتی رۆیشتنی بۆ سەر کارەکەی، لەلایەن دوو کەسەوە هێرشی کرایە سەر و بە چەقۆ کوژرا.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی ئایاری 2025 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دادی پارێزگای فارسی ئێران رایگەیاند؛ "ئیحسان باقری، سەرۆکی بنکەی 101ـی دادگای تاوانەکانی شیراز بەیانی ئەمڕۆ لەکاتی رۆیشتنی بۆ سەر کارەکەی کوژرا".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادی ئەو پارێزگایە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران فەرمانی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە دەرکردووە و نووسیویەتی؛ "بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەمنی و پشکنەری تایبەت بە تاوانی کوشتن، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەستیپێکردووە".
بەگوێرەی میدیای فەرمی ئێران، دادوەرەکە تەمەنی 38 ساڵە و زیاتر لە 12 ساڵ بووە وەکو دادوەرلە شیراز دەستبەکار بووە، تاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیاریەتی کوشتنەکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025 لە ئێران هێرش کراوەتە سەر 77 دادوەر و کوژراون، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بەشێکی زۆری رووداوی کوشتنەکانی بە "تیرۆریست"ـی وەسف کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.