وه‌زاره‌تی شاره‌وانی حكوومه‌تی هه‌رێم له راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، ساسان عه‌ونی وەزیری شارەوانی داوای كردووه په‌له بكه‌ن له رایی كردنی كاره‌كانی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی سنووری شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی ئایاری 2025 وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بڵاویكردووه‌ته‌وه: ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێری كرد و لەلایەن مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ستافی دیوان پێشوازی لێكرا.
لە راگەیێنراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئه‌وه‌ش هاتووه: وەزیری شارەوانی لیژنەی دروستكردنی نەخشەكانی دابەشكردنی زەوی ڕاسپارد بە باشترین شێوە و لە زووترین كاتدا كارەكان تەواو بكەن، بەو ئامانجەی قۆناغێكی دیكەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەكانی هەولێر دەستپێبكات.
جێی باسه: له‌سه‌ر فه‌رمان و راسپارده‌ی مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو، بڕیاردرا بە دابەشكردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی كە تاوەكو ئێستا لەوەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون، بڕیار درا هەر فەرمانبەرێك بەپێی سیستمی خاڵبەندی 200 مەتر زەوی پێبدرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەت، باری خێزانی و ژمارەی منداڵ، شوێنی نیشتەجێبوون.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.