Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 11:18

 ئەمه‌ریکا.. هێرشێکی چەکداریی كرایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، كوژراو هه‌یه‌

کوردستان TV
100%

لە ئاکامی هێرشێکی چەکدارییدا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمه‌ریکا، دوو کەس کە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کاریان دەکرد کوژران.

ئاژانسی هه‌واڵی (ئه‌نادۆڵی )توركیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ی ئایاری 2025 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، کریستی نۆیم وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمه‌ریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگه‌یاندووه‌: دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نزیک مۆزەخانەی یەهودی لە واشنتۆن بە شێوەیەکی بێ مانا کوژراون.

نۆیم باسی لەوەش کردووه‌: لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کراوە و ئەو بکەرە بێڕەوشتە ڕادەستی یاسا دەکەین.

هاوكات، کاش پاتێل بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس، رایگه‌یاندووه‌ : هێرشە چەکدارییەکە لە نزیک نووسینگەی مەیدانی ئێف بی ئای لە واشنتۆن ڕوویداوە.

كاش پاتێل باسی لەوەش کردووه:‌ لەگەڵ پۆلیس بەیەکەوە کار دەکەن و بەردەوام دەبن لە ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیی.

هه‌ر دوای رووداوه‌كه‌، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا، ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) سەبارەت بە هێرشە چەکدارییەکە ڕایگەیاند: کینە و توندڕەوی لە ئەمه‌ریکا جێگەیان نابێتەوە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانەش کرد کە لە هێرشەکەدا کوژراون.

هاوكات میترۆپۆلیتان پامیلا ئەی سمیس، بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتۆن. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەکەی بڵاوکردەوە کە کەسێکە بە ناوی (ئیلیاس ڕۆدریگێز) و تەمەنی 30 ساڵە.

هه‌روه‌ها ستیڤ جینسن جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەیدانی ئێف بی ئای لە واشنتۆن، ئاماژەی بەوە کرد: لێکۆڵینەوە دەکرێت لە بارەی ئەگەری ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا هێرشه‌كه‌ تیرۆرستیی بووه‌ یان هه‌ر رق و كینه‌ بووه‌، دواتر ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.